
زۆربەی هونەرمەندان لە چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانییەكانی خۆیان، باسی حەز و ئارەزووەكانی خۆیان كردووە، بەڵام لەبەرئەوەی هەندێ ئارەزوویان سەیرە و مایەی پێكەنینە، بۆیە باسی ناكەن، لەو راپۆرتەدا كە لەسەر ئارەزووی هونەرمەندان ئامادە كراوە، بەشێكیان لەزمانی هاوڕێكانیان وەرگیراوە و بەشەكەی دیكەش سوود لەئەزموونی كاری رۆژنامەوانی و تێكەڵبوونی دوور و نزیك لەگەڵ هونەرمەندەكان وەرگریراوه
لۆرین بەرزنجی، خانمە گۆرانیبێژی كوردستانی رۆژئاوا ئارەزووی پایسكلسواریە، بەڵام پێیخۆش نییە كاتێك پایسكل دەهاژوا كەسیتر لەگەڵی بێت، هەروەها لەبەرئەوەی حەز بە چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانی ناكات زۆر كەم دەردەكەوێت و پەیوەندیشی لەگەڵ رۆژنامەنووسان كەمە، لەگەڵ ئەوەشدا حەز دەكات ببێتە رۆژنامەنووس، ئێستا لەوڵاتی سوید نیشتەجێیە ئەگەر بگەڕێتەوە كوردستان كاری رۆژنامەوانی دەكات
ئەوەی هەفتەیەك لەگەڵ هەڤاڵ ئیبراهیم بێت، دەزانێت كە هەڤاڵ یاریزانێكی باشی تۆپی پێیە، لەگەڵ براكانی تیپێكی تۆپی پێی دروست كردووە، كە لە شەش كەس پێكهاتوون و هەموو هەفتە لە گۆڕەپانێك بەناوی “ئەستێرە” لە دهۆك یاری دەكەن، خۆی سەرۆك تیپەكەیە و زیاتر لە بەرگری یاری دەكات، شێتی خواردنی دۆڵمەیە.. ناكرێ بڵێین بڵند ئیبراهیم زۆربەی كاتەكانی بە یاری تاوڵە و شەترەنج بەسەر دەبات، چونكە ئەو بەردەوام خەریكی كاری هونەرییە، بەڵام بێگومان هەر كاتێك بیەوێت یاری بكات، لە یاری تاوڵە و شەترەنج تێپەڕ ناكات
ئەیوب عەلی، لەبەرئەوەی چوار ساڵ لە كۆلیژی ئەندازیاری لەهەولێر خوێندكار بووە، تائێستاش هیوایەتی پیاسەكردنی شەقامی “باتە”ـی بازاڕی هەولێرە، لەدوا ئەلبوومیدا گۆرانییەكی “بۆ هەولێر” گوت، لەكاتی وێنەگرتنی كلیپەكەی، ئەیوب داوای لە دەرهێنەرەكە كرد لە كلیپەكەدا شەقامی باتە و كۆلیژی هەندسە نیشان بدرێت، بەڵام تەنیا داوای یەكەمی جێبەجێكرا
لەیلا فەریقی، ئێستا تۆراوە بۆ ئێستا وازی لەگۆرانی گوتن هێناوە، تەنانەت ساڵی پار لەسەر داوای خۆی ئەلبوومێكی گۆرانی بۆ ئامادە كرا، بەڵام تائێستا ئامادە نییە دەست گۆرانی گوتن بكاتەوە و هەموو كاتەكانی بۆ پەروەردەكردنی گوڵ تەرخان كردووە، چونكە مەرزییە فەریقی خوشكی حەزی لەگوڵی سپی بوو، ئەویش شەیدای گوڵی سپی بووە!
زانا جەبەلی، تەنیا گۆشت و گۆشت، تكەی گوشت هیوایەتی زانایە، بەردەوام خەریكی گۆشت خواردنە، بەڵام زیاتر چێژ لەوە دەبینێ لەگەڵ هاوڕێكانی لە دەرەوەی شار خەریكی گۆشت خواردن بێت، رەنگە ئەوەش هۆكاری قەڵەوییەكەی زانا بێت
عومەر چاوشین هیوایەتی پارەیە، پێش هەموو شتێك بە دەرهێنەرەكان دەڵێت “پارەكەم بدەنێ تا مورتاح بم لەتەمسیلكردن”. بەڵام هەر دەرهێنەرێك حیوار و تەمسیلكردن بە چاوشین دووبارە بكاتەوە، توڕە دەبێت و فیلمەكە جێدەهێڵێ، “پارەكەی بۆ زیاد دەكەن و دێتەوە”. راستە ئەو تەمەنی حەفتا ساڵە، ئێستاش هەڵسوكەوتی تەواو گەنجانەیە، حەز بە هاوڕێتیكردنی گەنجان دەكات، لەگەڵ هاوتەمەنی خۆیدا هاوڕێ نییە
كەس بەهێندەی عەزیز وەیسی میوان دۆست نییە، بۆیە زۆرجار هونەرمەندە هاوڕێكانی دەڵێن ماڵەی عەزیز وەیسی لەبەر قەرەباڵغی بەكەڵكی قسەكردن نایەت، یانیش دەڵێن بۆ ئیسراحەت دەستنادات، چێژ لەوە دەبینێ سفرەی نانخواردن برازێنێتەوە و بانگی هاوڕێكانی بكات، عەزیز وەیسی زۆر كەم خۆی سەیارە لێدەخورێ “بەڵام كە سەیارە لێدەخورێ بەڕاستی شوفێرێكی ترسناكە و بەخێرایەكی زۆر سەیارە لێدەخورێ، زۆربەی هاوڕێكانی لە شوفێرێكردنی عەزیز وەیسی دەترسێن”
كچە ئەكتەر دەوەن نەوزاد، لەمنداڵیەوە تائێستا حەز بە “جوجكە زەردەكان” دەكات، كە پێیان دەگوترێ “جوجكەی دەواجین”. ئێستا دوو دانەی هەیە، لەكاتی وێنەگرتنی فیلمەكانیشی لەگەڵ خۆی دەیانبات، كە گەورەش دەبن جوجكەی تر دەكڕێتەوە، جگە لەوە ئاواتی ئەوەیە بگاتە هۆلیۆد، دەڵێت “هیچ شتێك مەحال نییە و كاردەكەم بگەمە هۆلیۆد، ئەگەر بۆ سەردانیش بێت، ئاواتمە بچمەسەر خاكی هۆلیۆد”
هونەرمەند فەرهەنگ غەفور، هیوایەتی خواردنی ماسییە، بەڵام وەك دەڵێن “كەمخۆر و دائیم خۆرە”
هەروەها هونەرمەند هاوتا ئەسعەد، برای هونەرمەند زیاد ئەسعەد، ئارەزووی ئەوەیە بەردەوام لەماڵەوە بێت، هەر كەسێكیش ببێتە میوانی پێیخۆشە ئەو قاوەیەی لەگەڵ بخاتەوە كە خۆی زۆر حەزی پێدەكات
جەلیل زەنگەنە، دەرهێنەری درامای گەردەلوول، ئەوەندەی خەم لەئیشوكارەكانی درامای گەردەلوول دەخوات، لەبەشی دووەمی دراماكە دووجار جەڵتە لێیدا و كەوتە نەخۆشخانە، لەكاتی ئیشدا زۆر جدییە و مامەڵەكردنیشی لەگەڵ ئەكتەرەكانی لەكاتی وێنەگرتندا زۆر توند و دڵرەقانەیە، هەروەها گرنگی بە جلوبەرگی خۆی نادات، لای ئەو هونەرمەند شیكپۆش نییە
خانمە گۆرانیبێژ ئافان جەمال، بەهونەرمەندێكی هێمن و نیان دەركەوتووە، بەڵام ئەوەش راستە بینەرێكی باشی فیلمە ترسناكەكانە! بەگشتی ئافرەت ناوێرن سەیری فیلمی ترس بكەن، ئارەزووی بەرگدرووی “خەیات”ـی هەیە، هەندێ جلەكانی خۆی و خوشكەكانی هەر خۆی دەیدروێت، لەقژبڕین شارەزایە
هەروەها گۆرانیبێژ و ئەكتەری كۆمیدی زاهیر جەلال خۆزگە بەوە دەخوازێ هونەرمەند نەبووایە و پێی خۆشبوو دوكانی هەبێ و وردەوالەی نێوماڵ بفرۆشێ! ئاواتی تایبەتی خۆی ئەوەیە كرێچێتی لەكوردستان نەمێنێ، چونكە خۆیشی دوای ٣٠ ساڵ لەكاری هونەری ئێستا كرێچییە و دەڵێ “ئەگەر ئەو حەزەم جێبەجێ بێت ئەوا منیش یەكێك دەبم لەوانەی لەكرێچێتی رزگارم دەبێت”
هونەرمەند هانی، لەستایلی جلوبەرگ و كلیپەكانیدا بە هونەرمەندێكی رۆژئاوایی دەچێ، بەڵام لەسروشتی خۆیدا وانییە، ئەو كە ئێستا دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە هەر كاتێك دێتەوە كوردستان دەچێتە كۆڕێ و شەقڵاوە و رەواندوز بۆ ناو دار و درەخت و گوڵ، حەزی لە نانەقەیسی و تەمەرهندییە، زۆریش حەزدەكات نانی گەرمی خۆماڵی لەگەڵ ماستی مەڕ بخوات
زۆربەی هونەرمەندان لەبەر سەرقاڵی، حەز بە منداڵ دروستكردن ناكەن، بەڵام كچە گۆرانیبێژ نازێ عەزیزی زۆر حەز بە منداڵ دەكات، دایناوە ئەگەر شوو بكات كۆشێكی منداڵ هەبێت! دیارە دەیەوێت ماڵەكەی بكاتە باخچەی منداڵ
كچە گۆرانیبێژ مەلەك رۆژهات، لەكاتی بینینی شەڕی دوو كەس زۆر پێدەكەنێ، دوو كەس لای مەلەك شەڕ بكەن و یەكتری بگرن ئەوە كۆمیدیترین دیمەنە لای مەلەك، بەڵام رۆڵی ناوبژیوانیش دەبینێ، هەروەها ئێستا ئەو سیمكارتێكی كۆڕەك، كۆدی ٤٤٥ ـی هەیە و لای خۆی هەڵیگرتووە، نە بەكاری دێنێ و نە ئامادە بیداتە كەس!
زۆربەی هونەرمەندان حەز بە بەخێوكردنی سەگ و تووتی دەكەن، بەڵام هونەرمەند تارا جاف پشیلەی خۆشدەوێت و ئێستا لەماڵەكەی خۆیدا شەش ساڵە پشیلەیەكی سپی هەیە، ئەگەرچی لای خەڵك دەگوترێ سەگ بە وەفایە و پشیلە سپڵەیە، بەڵام تارا پێی وایە “سەك خۆی دەكاتە بەندەی مروڤ، بەڵام پشیلە حەز بە سەربەخۆی دەكات، بۆیە پشیلەم خۆشتر دەوێت”
شانیا، كە بە گۆرانی “هەموو رۆژێ رێم پێئەگری” لە كوردستان ناسرا، دوو هێندەی كوڕ حەز بە پیاسەی نێو بازاڕ و شەقامی باتە و هەڵگرتنی چەقۆ دەكات و زۆریش حەز بە جلوبەرگی سەربازی و پۆستار دەكات، بەهۆی ئەو ئارەزووانەی كە هەیەتی و دەیكات، هەڵسوكەوتی تەواو كوڕانە دەرچووەئهم بابهته128جار خوێنراوهتهوه